"ئابرا"
شێتێک بوو چه‌ند ساڵ پێش ئه‌م رووداوە نیوە شه‌وێکی زستان له سه‌رما رەق هه‌ڵات!
ته‌واوی خه‌ڵکی بۆکان و ئه‌وانه‌ی له تیمارستانی بۆکان بوون ، به ساغ و نهخۆشهوە ئابرایان ئه‌ناسی !
ماوەیه‌کی زۆر نه‌بوو هێنابوویانه ئه‌وێ ! ئه‌خر له کووچه و کۆڵانه‌کانی بۆکان وێڵ بوو ، زۆر جار مناڵهورکهی گهڕەگێکی تێدەهاڵا و وەبه‌ر به‌ردە فڕکه‌یان ئەدا ! کاتێک هێنایانه تیمارستان هیچ که هه‌موو سه‌ر و گوێلاکی بریندار ببو ، برینێکی زۆر گهورەش به قه‌درایی چوار قامک له سه‌ر پشتی بوو که قرماغهی به‌ستبوو ! که‌س نهیدەزانی خه‌ڵکی کوێیه یا خۆ له کوێوە هاتووه ، به‌ڵام وه‌ک له نێوەکهی ڕا دیار بو ، وێده‌چوو خەڵکی ناوچه‌ی ئه‌ردەڵان بێ ! لای سنه و دێگۆلان و ئه‌و دەوروبهرە !
ئابرا پیاوێکی کورته‌باڵای خڕیله بوو ،نێوچاوانی پان و سه‌ری پەڵه پەڵه و ئاسه‌واری برین به سه‌ر سهرییهوە دیار بوو ! سه‌ری گه‌ورەتر له سه‌ری مرۆڤێکی ئاسایی بوو ! دەستهکانیشی درێژتر ! کاتێک له سه‌ر پێ رادەوەستا دەستی تا سه‌رچۆکی دەگهییشت ! به‌ڵام لاقه‌کانی به شێوەیەکی سه‌رسورهێنه‌ر کورت بوون ! به چله‌ی هاوین و چله‌ی زستان کاپشێنێکی چڵکنی بۆری له به‌ردابوو له گه‌ڵ پاتۆڵێکی رەشی کۆنە و جووتێک که‌وشی جیر که خودا ئه‌زانێ چه‌ند وەخت بو نهشۆرابوون! دەنگۆی ئه‌وە هه‌بوو ئابرا شه‌وانه له قه‌برستان ئه‌خه‌وێ و له‌گه‌ڵ مردووەکان قسه دەکا و زۆربەکای کاته‌کانیش دوو سێ جندۆکەی له گەڵه !
هه‌مووی ئه‌مانه سه‌رجه‌م دیمه‌نی قه‌ڵافه‌تی پیاوێکی سه‌یر و سهمهرەی پێک دێنا و هه‌ر ئه‌وەش ببوە هۆی ئه‌وەی ئابرا به لای خه‌ڵکه‌وە که‌سێکی سه‌رنجراکێش و گه‌لێ جار سامناک بێ!
سه‌رەڕای ئه وەی خەڵک زۆر گاڵته‌یان پێدەکرد و مناڵان‌یش لێی دەترسان ،ئابرا که‌سێکی بێدەنگ و هێمن بوو، یانی تا کارت پێی نه‌با کاری پێت نه‌بوو !
به دەگمه‌ن قسه‌ی دەکرد، ئه‌گه‌ر قسه‌شی دەکرد ئه‌بوو خۆت له کۆتاییدا پێوەندییەک له ناو قسه‌کانیدا ساز که‌یت تا شتێکت دەسگیر بێ !
له قسه‌کانی را دەردەکهوت به مناڵی گوایە چه‌ندساڵێکیش چووە بۆ مه‌درەسه و له‌وێش به هه‌مان شێوە گاڵته‌یان پێکردووە و لێیان داوە !
ئه‌م ماوەیهش که له مه‌درەسه دەرسی خوێندووە ته‌نیا فێری نووسینی یه‌ک وشه بووە و هیچی تر : بابا !
بابا ته‌نیا وشه‌یه‌ک بوو ئابرا ئه‌یزانی بینووسێ ، له راستیدا بۆ نووسینی هه‌موو وشه‌یه‌ک که‌ڵکی لێوەردەگرت!
ئه‌م ماوەیه که هێنابوویانه تیمارستان ، که‌یفی زۆر به‌و جل و به‌رگه زەردانه هاتبوو که بۆ نه‌خۆشه‌کان دابین کراوە! دیارە له تیمارستانیش خه‌به‌رێک له به‌ردە فڕکه و هه‌ڵات هه‌ڵات و شه‌ونخوونی و ... نه‌بوو !کهواتە شتێکی ئاسایی بوو که‌یف ساز بێ !
هیشتا چه‌ند رۆژێک له هاتنی تیپه‌ڕ نه ببو ، ئابرا هه‌موو ئیوارەیهک ئه چووە بن دیواری تیمارستان و له پاشان کوتێ کاغه‌زی گڵۆڵه کراوی حه‌وا ئه‌دا ئه‌و به‌ری دیوارەکه ! به دووپات بوونه‌وەی ئه‌م رەفتارەی، له رۆژانی دواتردا، له لای من و زۆربه‌ی کارمه‌ندانی تیمارستان پرسیار ساز بوو ئاخۆ ئابرا خه‌ریکی چ کارێکە ؟!
ئیوارەی ئه‌و رۆژە که وەک هه موو رۆژانی پێشوو دەچووە بن دیوارەکه ، منیش چووم و هه‌رچۆنێک بوو سه‌ری قسه‌م له‌گه‌ڵ کردەوە و له ژێر زمانیم کێشا دەرێ !
وتی نامه دەنووسم !
- نامه؟ بۆ کێ ؟
- بۆ خودا !
- چی پێ دەڵێی؟
- دەڵێم حه‌فته‌یه‌ک جێگاکانمان بگۆڕینهوە !
که سه‌یری کاغهزەکهشت دەکرد یه‌ک لاپهڕەی پڕ دەکردەوە له وشه‌ی بابا و فڕکی ئه‌دا ئه وبه‌ری دیواری تیمارستان و به‌خه‌یاڵی خۆی نامه‌ی نووسیوە !
زۆری پێنه‌چوو هه‌واڵی نامه نووسینی ئابرا بۆ خودا له هه‌مووی تیمارستان ده‌نگی داوە و بووە بنێشته‌خۆشه‌ی سه‌ر زاری ساغ و نه‌خۆش ! ئه‌وجار هه‌رکه‌س ئابرای ئه‌دیت ئه‌یکوت : ئابرا ، چ خه‌به‌ر ؟ خودا وەڵامی نهداوەتهوە؟ ئینجا قاقا پێدەکهنی !
ئابراش هێمن و لهسەرەخۆ به ئه‌و په‌ڕی دڵنیاییه‌وە ئه‌یوت : دەیداتهوە...!
ماوەیه‌ک تێپه‌ڕی ، وێدەچوو ئابراش له خودا دڵسه‌رد بۆته‌وە ، چون ئیتر له نامه ناردن خه‌به‌رێک نه‌بوو !!
به‌یانییه‌ک زوو، هه‌موو تیمارستانی بۆکان به دەنگی قیژه‌ی په‌رستارێک وەخهبهر دێن !
ئابرا له سه‌ر ته‌خته‌که‌ی به‌ر ببۆوە و هه‌موو له‌شی شه‌ڵاڵی خوێن بوو !خوێن له ژێر دەرگای وەتاغهکهوە هاتبووە دەرێ و هه‌موو ڕاڕەوی تیمارستانی داپۆشیبوو!برینه‌که‌ی پشتی ئابرا ، لێوی کردبۆوە و چۆڕ چۆڕ خوێنی له به‌ر دەڕۆییشت،قرماغهی برینیش که به قه‌درایی چوار قامک دەبوو له دەستی ئابرا دابوو ...
ئێوارەی رۆژێک به‌ر له‌م رووداوە ، هه‌ندێ که‌س ئابرایان دیبوو به هه‌ر دوو دەست سه‌ری خۆی دەڕنی و هاواری دەکرد : ئابراااا... ئابراااا به‌سسه ، چیتر ناتوانم...!