" مسته‌راحه‌که‌ی میرزا "
۱۳۸۹/۰۶/۲۰  میرزا |

مه‏ولانا جه‏ماڵه‏ددینی مه‏هابادی که دەستی ناڕوا وێبلاگێک بۆ خۆی بکاته‏وە ، جار و بارە له وێبلاگی پێشه‏نگ‏دا بابه‏تێک بڵاو دەکاته‏وە ! ماوەیه‏ک له‏مه‏و به‏ر شێعرێکی ته‏نزی بڵاو کردبۆوە له ژێر ناوی "لێم ببوورە گه‏ر که‏مێکیش ناحه‏زم !" .منیش له به‏شی بۆچوونه‏کاندا تاکه‏به‏یتێکم بۆ نووسی و ئه‏و تاکه به‏یته بووە هاندەری قه‏شمه‏رئاغا بۆ نووسینی وەڵامێکی قه‏شمه‏رییانه بۆ مەولانا جه‏ماله‏ددین ، پاشان به هه‏مان شێوە قه‏شمه‏ربانووش وەڵامێکی قه‏شمه‏رییانه‏ی داوە و له کۆتاییشدا منیش وەڵامێکم نووسی ! جا بۆیه دەڵێن قسه قسه دێنێ !
ئه‏و دەمه‏ته‏قانه سه‏رەتا له قه‏شمه‏رئاوا دا بڵاو بوونه‏وە و منیش دیسان لێرەدا دەیاننوسمه‏وە !با قسه‏ی خۆش ون نه‏بێ!

+بۆ خوێندنه‏وەی شێعرەکان بڕۆ درێژەی بابه‏ت !


درێژەی بابه‏ت...
۱۳۸۹/۰۶/۱۱  میرزا |
"دەفته‏ری بیرەوەری"

زۆر جاران له گه‏ڵ رەفیقه‏کانم شه‏ڕم دەبو، زۆر زووش پێکه‏وە ئاشت دەبوینه‏وە .
جارێکی له گه‏ڵ هێمنی رەفیقم پێکه‏وە قسه‏مان نه‏دەکرد . به قه‏ولی منداڵانه خاک بووین . هێمن دایه‏گه‏ورەی تازە له حه‏ج هاتبۆوە ، ئه‏ویش به کورێکی رەفیقم دا لیوانێکی ئاوی زەمزه‏م بۆ ناردم . هه‏ر له به‏ر ئه‏وەش پێکه‏وە ئاشت بووینه‏وە . له گه‏ڵ هێمن چووین بۆ بازار ، ئه‏من دوسه‏دتمه‏نم پێبو که باجی له‏یلام پێی‏دابوم ، من ده‏مهه‏ویست کۆتر بکڕم . پێکه‏وە چوین بۆ قەپان*، پیاوێک مریشک و که‏ڵه‏باب وشتی وای دەفرۆشت .که‏ڵه‏بابێکی سپی چکۆله‏ی جوانی پێ‏بو دەیفرۆشت به سێ‏سه‏دتمه‏ن ! ئه‏من دوسه‏دتمه‏نم دانا و هێمنیش سه‏دتمه‏نی پێ‏بو که‏ڵه‏بابه‏که‏مان لێ کڕی !
دیوێکمان هه‏بوو له ژوورێ که فه‏رش و شتمان لێ‏رانه‏خه‏ستبوو ،هه‏ر له به‏ر ئه‏وه‏ش پێمان دەکوت دیوە چؤڵ! کاتێ که‏ڵه‏بابه‏که‏م هێناوە بردمه ئه‏و دیوە چۆڵه !
نزیکه‏ی سێ‏مانگ رامگرت . نێویشم نابوو "جوجو" ! دەمێک ئیسحال ببو ، یه‏ک دو دانه قورسم پێدا چاک بۆوە ! قاتڵی سه‏ری مێروله بوو ، له هه‏ر کوێ مێروله‏م دیتبایه زوو دەمبرد بۆ ئه‏وێ . هه‏ر کاتێ دەمکوت جوجو زوو دەهاته لام. زۆر شه‏وانیش نه‏دەهاته‏وە ، لێی تێک دەچوو بێته‏وە ماڵی خۆمان ! منیش تێر بۆی دەگه‏ڕام و تێر بۆی دەگریام ! به‏یانی دەماندیت بۆخۆی هاتۆته‏وە !
زۆر جارانی دەچووم له گه‏ڵ که‏ڵه‏بابه‏کانی به‏قه‏د خۆی به شه‏ڕم دەدا ! له بیرمه کاتی هه‏وەڵین شه‏ڕی ، که‏ڵه‏بابه‏که‏ی دیکه‏ی به‏زاند !
رۆژێک دیتم مریشکێک له کوچه‏که‏مانه ، کوتم با بێم تێبه‏ری دەم ! که‏ڵه‏بابه‏که‏م هێنا ، هێندێ به دەوری داهات ، له دواییدا مریشکه‏که فسی بۆ دەکرد نازانم فسی بۆ دەخوارد ،به ڵام که‏ڵه‏بابه‏که‏ی من سواری نەدەبوو ! نازانم پێی عه‏یب بو ، شه‏رمی دەکرد چی !
شه‏وێ له پاڵ یه‏کم کردن و پێکه‏وەم خه‏واندن ، بابه‏ک و به‏همه‏نی کرێنشینمان به‏یانیان زوو له خه‏و هه‏ڵدەستان ! به‏هه‏مه‏ن به‏یانی چوبو سه‏ری مریشکه‏که‏ی دابوو ، دیتبووی هێلکه‏ی کردووە ! منیش کوتم : ئه‏ها ، به شه‏رەفم که‏ڵه‏بابه‏که‏م کاری خۆی کرد ! به ڵام له لایه‏کیشه‏وە پێم ناخۆش بوو ، دەمکوت به‏همه‏ن ئه و هێلکه‏یه‏ی بۆچی هه‏ڵگرتووە ،خۆ من ئه‏و مریشکه‏م دیتۆته‏وە !
له دواییدا زانیمان ئه‏و مریشکه‏ش هی ماڵێکی کووچه‏که‏ی دیکه‏یه که هاتبوو بۆ کووچه‏ی ئێمه . کورەکه‏یان به به‏همه‏نی کوتبو ئه‏و مریشکه هه‏موو رۆژێ هێلکه‏یه‏ک دەکا !منیش زانیم که نا بابه گیان ، که‏ڵه‏بابی ئه‏من ئه‏هلی ئه‏و جۆرە قسانه نیه !
ماوەیه‏ک که‏ڵه‏بابه‏که‏م له کارێژه‏که‏مان راگرت ، شه‏وێک گوێم لێ‏بوو دەنگێک له کارێژه‏که‏مان هات ! کاتێ چوم دیتم که‏ڵه‏بابه‏که‏م عه‏لادینێکی عێراقیمان هه‏بوو ، له‏و سه‏رەوە به‏ریدابۆوە خوارێ و ته‏واوی نه‏فته‏کانی رشتبوو ! تماشای منی دەکرد، وای دەزانی لێی دەدەم ! ئه‏خر که‏ڵه‏بابه‏که‏م هه‏مو جارێ دەچووە سه‏ر شته‏کانی کاڕێژ و له‏و سه‏رە دەخه‏وت! به‏یانیانیش به قوقلی‏قوقو مێشکی سه‏ری دەبردین ! زۆر جارانیش نیوە شه‏وێ دەنگی دەهات!بابم هه‏مو جارێ دەیکوت ئه‏و که ڵه‏بابه بێ‏وەخته ، با سه‏ری ببڕینه‏وە !
ئاخریش به پێنج‏سه‏دتمه‏ن پێم فرۆشتنه‏وە ، ئه‏گه‏رچی گۆشتی مریشکم ئه‏و هه‏موو پێ‏خۆش بوو به‏ڵام دەمم له گۆشتی جوجو نه‏دا !
چوومه وەتاغێکه‏وە و تێری بۆ گریام !

*قە‏پان شوێنێکه له بۆکان مریشک و که‏ڵه‏شێر و کۆتر و که‏روێشک و بونه‏وەری سه‏ر ئه‏و عه‏رزه‏یان لێ‏دەفرۆشت !

۱۳۸۹/۰۶/۰۴  میرزا |

"ئابرا"
شێتێک بوو چه‏ند ساڵ پێش ئه‏م رووداوە نیوە شه‏وێکی زستان له سه‏رما رەق هه‏ڵات!

ته‏واوی خه‏ڵکی بۆکان و ئه‏وانه‏ی له تیمارستانی بۆکان بوون ، به ساغ و نه‏خۆشه‏وە ئابرایان ئه‏ناسی !
ماوەیه‏کی زۆر نه‏بوو هێنابوویانه‏ ئه‏وێ ! ئه‏خر له کووچه و کۆڵانه‏کانی بۆکان وێڵ بوو ، زۆر جار مناڵه‏ورکه‏ی گه‏ڕەگێکی تێدەهاڵا و وەبه‏ر به‏ردە فڕکه‏یان ئەدا ! کاتێک هێنایانه تیمارستان هیچ که هه‏موو سه‏ر و گوێلاکی بریندار ببو ، برینێکی زۆر گه‏ورەش به قه‏درایی چوار قامک له سه‏ر پشتی بوو که قرماغه‏ی به‏ستبوو ! که‏س نه‏یدەزانی خه‏ڵکی کوێیه یا خۆ له کوێوە هاتووه ، به‏ڵام وه‏ک له نێوەکه‏ی ڕا دیار بو ، وێده‏چوو خەڵکی ناوچه‏ی ئه‏ردەڵان بێ ! لای سنه و دێگۆلان و ئه‏و دەوروبه‏رە !

ئابرا پیاوێکی کورته‏باڵای خڕیله بوو ،نێوچاوانی پان و سه‏ری پەڵه پەڵه و ئاسه‏واری برین به سه‏ر سه‏رییه‏وە دیار بوو ! سه‏ری گه‏ورەتر له سه‏ری مرۆڤێکی ئاسایی بوو ! دەسته‏کانیشی درێژتر ! کاتێک له سه‏ر پێ رادەوەستا دە‏ستی تا سه‏رچۆکی دەگه‏ییشت ! به‏ڵام لاقه‏کانی به شێوەیەکی سه‏رسورهێنه‏ر کورت بوون ! به چله‏ی هاوین و چله‏ی زستان کاپشێنێکی چڵکنی بۆری له به‏ردابوو له گه‏ڵ پاتۆڵێکی رەشی کۆنە و جووتێک که‏وشی جیر که خودا ئه‏زانێ چه‏ند وەخت بو نه‏شۆرابوون!  دەنگۆی ئه‏وە هه‏بوو ئابرا شه‏وانه له قه‏برستان ئه‏خه‏وێ و له‏گه‏ڵ مردووەکان قسه دەکا و زۆربەکای کاته‏کانیش دوو سێ جندۆکەی له گەڵه ! ...


درێژەی بابه‏ت...
۱۳۸۹/۰۶/۰۱  میرزا |
"دەفته‏ری بیرەوەری"

ئه‏مشه‏و نازانم چۆن بوو ، بیرم هاته‏وە منیش ده‏فته‏رێکم هه‏بوو بیرەوەرییه‏کانم تێدا دەنووسییه‏وە !زۆر له‏مێژ بوو لێی بێخه‏به‏ر بووم ،ته‏نانه‏ت نه‏مده‏زانی له‏ کوێیه ! که‏لێن و قوژبنم هه‏مووی پشکنی و لە ئەنجامدا دیتمه‏وە!
پێشەکی دەفته‏رە‏که‏م ئاوا ده‏ست پێ دەکا :

"سپاس بۆ خوا که به کوردی دروست کردم"
راوەستن با له پێشه‏کی‏دا پێتان بڵێم چۆن بوو ئه‏و دەفته‏رەم دانا ؟
راستییە که‏یتان ده‏وێ من زۆر له مێژ بوو له فکری ده‏فته‏رێكی ئاوا دا بووم هه‏تاکو ئه‏وشتانه‏ی که له ژیانی من دا تاکو ئه‏لان رووی داوە له مێشکم نه‏چنه دەرێ.
هه‏ر بەم بۆنه‏‏یه‏ش ئه‏م دەفته‏رەم دانا.
1379/10/18

ئه‏م ده‏فته‏ره‏م هی ده ساڵ له‏مه‏وبه‏رە ، یانی کاتێک که هه‏مووی سێزده چواردە ساڵم تەمەن بوو ،بۆیە بە زمانێکی زۆر سادە و مناڵانە نووسراوە، هەموو بیرەوەرییەکانیش تا 12ساڵین ، ئیتر له دوای ئه‏و وازم لێ هێنا و پێموا گه‏ییشتم به‏و باوەرەی نووسینی بیرەوەری شتێکی قۆرە!نازانم! به‏ڵام ئه‏م ده‏فته‏رە ئەمشەو منی بردەوە سه‏ردەمی مناڵی و کووچەکەمان و گەڕەکەکەمان و رەفیقه‏کانم و .... زۆر شتی تر کە له بیرم کردبوون !
له‏مه‏و به دوا جار و بارە ئه‏گه‏ر نووسینم نه‏هات ،  بەشێكی کورت لە ده‏فته‏ری بیرەوەرییه‏کانم لە‏م مستەراحه‏دا بڵاو ده‏که‏مه‏وە !با له یادتان نه‏چێ ئێوە‏ش سه‏ردەمانێک مناڵ بوون، که‏واتە مناڵتان خۆش بوێ !

بیرەوەری 1 :
له ناو کورەکانی رەفیقمدا که‏متریان بۆ شه‏ره قسه ده‏رەقه‏تم دەهاتن . منیش هه‏موو جارێ به قسه‏ی قۆڕ و شێعری جنێو رقم هه‏ڵده‏ستاندن.
رۆژێک له گه‏ڵ یه‏کێک له ره‏فیقه‏کانم کردمه شه‏رە قسه . ئه‏و ره‏فیقه‏م نێوی - قادری ر - بوو، قادر سێ چوار ساڵ له من گه‏ورەتر بوو.
منیش ئه‏و رۆژه هه‏روا به قسه‏ و شێعر و ئه‏و جۆرە شتانه رقم هه‏ ڵستاند.
دوای دوو  سێ رۆژ هێندێ له ره‏فیقه‏کانم هاتن کوتیان به‏دبه‏خت قادر شێعری به سه‏ر دا هه‏ڵکوتوی !
منیش رقم هه‏ستا و چوومه‏وە ماڵێ و تا دەمتوانی شێعرم بۆ نووسی ، ئه‏ویش چ شێعرهایه‏ک . ته‏واو ببوم به شێخ رزای تاڵەبانی.
ته‏واوی کورەکانی کووچەی ئێمه و کووچەی قادر و ئه‏وان هه‏موو له جێگایه‏ک خڕ دەبوونه‏وە و منیش شێعرە‏کانی که بۆ قادرم نووسیبوو به‏رامبه‏ریان بۆم ده‏خوێندنه‏وە.قادریش بۆخۆی له وێ رادەوەستا و سوور سوور هه‏ڵدەگەڕا.
رۆژێکی چه‏ند شێعرێکم نووسیبو ده‏مهه‏ویست بیبه‏م بۆیان بخوێنمه‏وە، به‏ڵام ته‏نیا دوو سێ نه‏فه‏ر له ره‏فیقه‏کانم له‏وێ بون ، منیش دانیشتبووم بۆم ده‏خوێندنه‏وە له پڕ دا زانیم پیاوێکی پیر گوێی راگرتووە له شێعرەکانم. منیش هه‏ر دیتم تێم قولاند و هه‏ڵاتم . کوتی : ئه‏وە کوری کێیه ؟ ره‏فیقه‏کانم کوتیان ئه‏وە خه ڵکی گه‏ره‏کێکی دیکه‏یه !
کمۆدێکی سوورم هه‏بوو ، هه‏موو جارێ شێعرەکانم له‏وێ دەنا. رۆژێکی کاک جەماڵم چوبو کمۆدەکه‏م گه‏ڕابو شێعرەکانی منی خوێندبۆوە. له سه‏ر سفرە دانیشتبوین کوتی ئه‏و شێعرانه چیه نوسیوتن؟
منیش ده‏ستم کرد به گریان و کوتم ده‏ی جا خه‏تای قادرە ، ئه‏ویش شێعری له بارەی منه‏وە نووسیوە!
ئیدی وابو کاکه جه‏ماڵم ته‏واوی شێعرەکانمی دڕاند و جگه له یه‏ک دوو دانه‏یه‏کیان نه‏بێ هیچیانم له بیر نه‏ماوە که ئه‏وانیش ناوێرم له‏م دەفتەرەدا بیاننووسم...