نرخی نان گه‌ییشته سهدتمهن ! له‌م چه‌ند رۆژەی دواییدا پاش لابردنی یارانه‌کان نرخی تاقهنانێک گه‌ییشته سهدتمهن ،هه‌ڵبه‌ت له تاران له نێوان سه‌د تا سه‌دوپه‌نجا تمه‌ن له هات و چۆ دایه ،به واتایه‌ک نرخی نان چوار پێنج به‌رابه‌ر گرانتر بووە !! گران بوونی نان به شێوەی راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ کاریگه‌ری له سه‌ر ژیانی خه‌ڵک هه‌یه ، به تایبه‌تی ئێمه‌ی کڵۆڵ که له جێی مه‌مکه مژە بابۆڵهنانیان پێداوین و تا به ئه‌مرۆش نان به‌شێکی هه‌رە گرینگی خواردنی رۆژانه‌مان بووە !
گران بوونی نان کاریگه‌ری راسته‌وخۆی هه‌یه له سه‌ر بێ‌کاری تاقمێک که سه‌رقاڵی کرین و فرۆشتنی ورکهنانن !! دیارە بژیوی رۆژانه‌ی ئه‌و تاقمه له رێگای کرین و فرۆشتنی قه‌راخی ئه‌و نانانه به‌دەست دەهات که له سایه‌ی سه‌ری هه‌رزانی نانه‌وە نهدەخوران ، به‌ڵام ئێستا به هۆی گرانبوونی نان ناوەراست و قه‌راخی نان به یه‌ک چاو سه‌یر دەکرێن و فه‌رق و جیاوازیان نیه !
له پاشان کاریگه‌ری ئه‌م گرانیه جگه له مرۆڤه‌کان ، بوونهوەرەکانی تریش ئه‌گرێته‌وە ! بۆ وێنه سه‌گی مه‌ڕی پتر له هه‌زاران ساڵه له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه به نان و ورکهنانی شوان ژیانیان بردۆته سه‌ر و له دوای ئه‌م گران بوونه له‌وانه‌یه له داهاتوویه‌کی نزیکدا هه‌موو قڕیان بێ له برسان! کورد گوته‌نی : ئه‌گه‌ر ناتخورێ بنی رانی ، چت داوە له نانی شوانی؟؟!
بۆ ئه‌وەی ئێمه‌ش نه‌که‌وینه به‌ر هێرشی ئه‌م قڕ بوونه ، پێشنیار ئه‌که‌م له‌مه به‌دوا له جێی سێ ژه‌م له رۆژدا ته‌نیا ژەمێک ته‌رخان که‌ین بۆ چێشت خواردن ، دەبێ واز له چێشت گه‌لی وەک هیلکه و رۆن ، هێلکه و ته‌ماته ، هێلکه و سوسیس و سه‌رجه‌م ئه‌و چێشتانه بێنین که پێویستیان به نانی زۆرە !هه‌ڵبه‌ت ئه‌م پێشنیارەم زیاتر بۆ کۆمه‌ڵه‌ی خوێندکاران و کارگه‌رانه!
له‌مه‌به‌دوا ئه‌وەی هه‌مانه و نیمانه ئه‌بێ بیدەین به نان ! ته‌نانه‌ت ئه‌بێ له جێی کتێب نان بکڕین !ترسی ئه‌وەم لێهاتووە به قۆناغێک بگه‌ین له جێی نان کتێب بخۆین !!
نازانم ! به‌ڵام خودا له سوڵتان مه‌حموود گه‌ورەترە !
+پاش شه‌ڕ و ململانێیه‌کی زۆر و هات و چۆیه‌کی بێ‌وچان بۆ ئیدارەی کار و باری خابگا ، ئاخری به‌رپرسی ئیدارە بریاری دەرکرد له مه‌ڕ به ئه‌ندام بوونی من له یه‌کێ له وەتاغهکان ، به‌و مه‌رجه‌ی هه‌موو ئه‌ندامانی وەتاغ له سه‌ر وەرگرتنم یهکدەنگ بن !! پاش جێبه‌جێ کردنی هه‌موی ئه‌مانه ، له حاڵێکا کاغه‌زی واژۆ کراوی جه‌نابی رهعیسم!! پێ‌بوو ، سه‌ر خۆش سه‌رخۆش له‌و دەسکهوته مه‌زنه، ئه چووم که ناوم له کامپیۆتێرەکهدا تۆمار کرێ ، پێێان راگه‌یاندم تا له گه‌ڵ ئه‌و زانکۆیه‌ی پێشوو "ته‌سویه حیساب" نه‌که‌ی ئیللان و بیللان ناوت ناچێته ناو کامپیۆتێرەکه !
ئه‌و جار به راستی هه‌ستم کرد زۆرم رق له ته‌کنه‌لۆژی و دەسکهوته نوێیه‌کانی مرۆڤه ! تف له ته‌کنه‌لۆژی ، تف له مۆدێرنیته، تف، تف....!
+یه‌کێ له مامۆستاکانمان ، یه‌که‌م رۆژی کلاس پێێ راگه‌یاندین کارێکی لێکۆڵینه‌وەی ههڵگرتۆتهوە هی شارەداریه له سه‌ر کێشه و گرفته‌کانی شاری تاران ، هه‌ر کام له خوێندکارەکان یارمه‌تی بدەن ، بۆ هه‌ر پرسشنامه(پرسیارنامه) یه‌ک 7 هه‌زار تمه‌نیان دەداتێ ! دیارە گیرفانی پڕ له لایه‌ک و زۆر بونی دەرسهکانم له لایه‌کی تر به‌هانه‌یه‌کی باش بوون بۆ نه‌چوونم ! به ڵام پاش چه‌ند حه‌فته له به‌ر هات و چۆ و نه‌وسنی خۆم گیرفانم وردە وردە خاڵی بۆوە و ناچار داوێنی مامۆستا‌م گرت و کوتم بیکه به خاتری ئه‌و قورعانه کۆمه‌ڵێ له‌و پرسیارانه‌م دەیه بۆت پڕ که‌مه‌وە ! هه‌ر چۆنێک بوو به زۆر و زۆرداری کۆمه‌ڵێکم وەرگرت و کوتم پاش چه‌ند رۆژ پریان دەکه‌مه‌وە !
کاره‌که له هه‌موو گه‌ڕه‌که‌کانی تاران به‌رێوە دەچێ، دوو کۆمه‌ڵه پرسیارە که هه‌ر کام دە دوازدە لاپهڕەن ، ئه‌بێ بچی له‌و گهڕەکانهی بۆت دابین کراوە له زەنگی ماڵان دەی و جا ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌سه زه‌حمه‌تی کێشا و ته‌شریفی هاته دەرێ ، کۆمه‌ڵه پرسیاری یه‌که‌م ئه‌بێ خۆت له گه‌ڵی پڕ کهیهوە ، واته تۆ بیپرسی و ئه‌ویش وەڵامت بداته‌وە و ئینجا بینووسی ، پڕ کردنه‌وەی ئه‌و کۆمه‌ڵه پرسیارە لانیکه‌م 50 دەقهی دەوێ ، له پاشان کۆمه‌ڵه پرسیاری دووهه‌می پێ ئهدەی و ئه‌ڵێی هه‌ر خۆشت ئه‌مه‌یان پڕ کهوە و نیو سه‌عاتێکی تر بۆی دێم !!
جا له تاران به دەگمه‌ن ههڵدەکهوێ برادەری تارانی هه‌ستێ هه‌ڵته‌ک هه‌ڵته‌ک بێته خوارێ ، ئه‌وە چیه ؟ وەڵامی پرسیاری جه‌نابت بداته‌وە !له پاشان هێندە که‌ر بێ سه‌عات و نیوێک له کاتی خۆی بۆ تۆ ته‌رخان کا ، ئه‌وە چیه ؟ وەڵامی پرسیاری جه‌نابت بداته‌وە !! یانی رەنگه له دە زەنگ ، هه‌ر تاقهزەنگێک وەڵامت بداته‌وە !! ئه‌مانه به‌شێكن له گرفته‌کان و کێشه‌کانی ئه‌م کارە ، به‌ڵام گیرفانی خاڵی ئه‌مه به گوێیدا ناچێ و هه‌ر وەک وتم ناچار چووم و داوێنی ئوستادم گرت !
به‌ڵام له به‌ر کێشه‌ی خابگا و بێوەتاغی هه‌ر دەرفهتم نه‌بوو بڕۆم به شوێنیا و ته‌نیا ئێوارەیه‌ک دوو سێ سه‌عات چووم و دووانم پڕ کردەوە !! ئێستا ئه‌وی تری به سه‌ر دەستم دا ماوەته‌وە و له به‌ر کار و باری ته‌سویه پێم ناکرێ پڕیان که‌مه‌وە !
ترسی ئه‌وەم که‌وتۆته دڵ دەڵێم پووڵ حاشا ، دەترسم نومرەشم نه‌داتێ ! کۆسه بۆ ریش چوو ، سمێڵیشی دانا !
+له‌و شه‌وانه‌دا چوومه مسته‌راح ، نوشتامهوە که هه‌ڵتروشکێم ، گوشی موبایله‌که‌م که له گیرفانی کراسه‌که‌م دابوو ، بهربۆوە و یه‌کراست که‌وته ناو کونی مستهڕاحهکه !! نه گوشی هی خۆم بو نه سیم کارت !دەی چاری ناچاری نایلۆن فریزێرم له دەستم هاڵاند و هه‌تا ئانیشکم خسته کونی مستهڕاحهوە که‌چی هه‌ر بۆم دەرنههاتهوە !!
تف له مستهراحی سوننه‌تی، تف له سوننه‌ت ... تف تف... !
+ئه‌م ماوەیه ئینتێرنێکی وام له به‌ر دەست نه‌بوو بتوانم به جوانی بۆی هه‌ڵتروشکێم ! جار و بارە ده‌که‌وته به‌ردەستم ، ئه‌ویش هه‌ر به پێیه‌وە ! ئینتێرنێتیش وایه تا پیاو جوان بۆی ههڵنهتروشکێ چێژی لێ نابا ! بۆیه داوای لێبوردن له هه‌موو ئه‌و هاورێیانه دەکه‌م له‌م ماوەیه دا به سه‌ریان کردمه‌وە و نه‌متوانی به سه‌ریان که‌مه‌وه !
+بۆ ئه‌وەی جاڕز نه‌بن ئه‌و دمه‌ته‌قه شێعرییانه‌ی من و تاهیری رەشیدی له درێژه‌ی بابه‌تدا بخوێننه‌وە !
درێژەی بابه‌ت...
مه‌ولانا جه‌ماڵه‌ددینی مه‌هابادی که دەستی ناڕوا وێبلاگێک بۆ خۆی بکاته‌وە ، جار و بارە له وێبلاگی پێشه‌نگدا بابه‌تێک بڵاو دەکاته‌وە ! ماوەیه‌ک له‌مه‌و به‌ر شێعرێکی ته‌نزی بڵاو کردبۆوە له ژێر ناوی "لێم ببوورە گه‌ر که‌مێکیش ناحه‌زم !" .منیش له به‌شی بۆچوونه‌کاندا تاکهبهیتێکم بۆ نووسی و ئه‌و تاکه به‌یته بووە هاندەری قه‌شمه‌رئاغا بۆ نووسینی وەڵامێکی قهشمهرییانه بۆ مەولانا جه‌ماله‌ددین ، پاشان به هه‌مان شێوە قهشمهربانووش وەڵامێکی قهشمهرییانهی داوە و له کۆتاییشدا منیش وەڵامێکم نووسی ! جا بۆیه دەڵێن قسه قسه دێنێ !
ئه‌و دەمهتهقانه سه‌رەتا له قه‌شمه‌رئاوا دا بڵاو بوونه‌وە و منیش دیسان لێرەدا دەیاننوسمهوە !با قسه‌ی خۆش ون نه‌بێ!
+بۆ خوێندنه‌وەی شێعرەکان بڕۆ درێژەی بابه‌ت !
درێژەی بابه‌ت...
زۆر جاران له گه‌ڵ رەفیقهکانم شه‌ڕم دەبو، زۆر زووش پێکه‌وە ئاشت دەبوینهوە .
جارێکی له گه‌ڵ هێمنی رەفیقم پێکه‌وە قسه‌مان نه‌دەکرد . به قه‌ولی منداڵانه خاک بووین . هێمن دایهگهورەی تازە له حه‌ج هاتبۆوە ، ئه‌ویش به کورێکی رەفیقم دا لیوانێکی ئاوی زەمزهم بۆ ناردم . هه‌ر له به‌ر ئه‌وەش پێکه‌وە ئاشت بووینه‌وە . له گه‌ڵ هێمن چووین بۆ بازار ، ئه‌من دوسهدتمهنم پێبو که باجی له‌یلام پێیدابوم ، من ده‌مهه‌ویست کۆتر بکڕم . پێکه‌وە چوین بۆ قەپان*، پیاوێک مریشک و که‌ڵه‌باب وشتی وای دەفرۆشت .که‌ڵه‌بابێکی سپی چکۆله‌ی جوانی پێبو دەیفرۆشت به سێسهدتمهن ! ئه‌من دوسهدتمهنم دانا و هێمنیش سهدتمهنی پێبو کهڵهبابهکهمان لێ کڕی !
دیوێکمان هه‌بوو له ژوورێ که فه‌رش و شتمان لێرانهخهستبوو ،هه‌ر له به‌ر ئه‌وه‌ش پێمان دەکوت دیوە چؤڵ! کاتێ کهڵهبابهکهم هێناوە بردمه ئه‌و دیوە چۆڵه !
نزیکه‌ی سێ‌مانگ رامگرت . نێویشم نابوو "جوجو" ! دەمێک ئیسحال ببو ، یه‌ک دو دانه قورسم پێدا چاک بۆوە ! قاتڵی سه‌ری مێروله بوو ، له هه‌ر کوێ مێرولهم دیتبایه زوو دەمبرد بۆ ئه‌وێ . هه‌ر کاتێ دەمکوت جوجو زوو دەهاته لام. زۆر شه‌وانیش نهدەهاتهوە ، لێی تێک دەچوو بێته‌وە ماڵی خۆمان ! منیش تێر بۆی دەگهڕام و تێر بۆی دەگریام ! به‌یانی دەماندیت بۆخۆی هاتۆته‌وە !
زۆر جارانی دەچووم له گه‌ڵ که‌ڵه‌بابه‌کانی به‌قه‌د خۆی به شه‌ڕم دەدا ! له بیرمه کاتی ههوەڵین شه‌ڕی ، کهڵهبابهکهی دیکه‌ی به‌زاند !
رۆژێک دیتم مریشکێک له کوچهکهمانه ، کوتم با بێم تێبهری دەم ! کهڵهبابهکهم هێنا ، هێندێ به دەوری داهات ، له دواییدا مریشکه‌که فسی بۆ دەکرد نازانم فسی بۆ دەخوارد ،به ڵام کهڵهبابهکهی من سواری نەدەبوو ! نازانم پێی عه‌یب بو ، شه‌رمی دەکرد چی !
شه‌وێ له پاڵ یه‌کم کردن و پێکهوەم خه‌واندن ، بابه‌ک و به‌همه‌نی کرێنشینمان به‌یانیان زوو له خه‌و ههڵدەستان ! به‌هه‌مه‌ن به‌یانی چوبو سه‌ری مریشکه‌که‌ی دابوو ، دیتبووی هێلکه‌ی کردووە ! منیش کوتم : ئه‌ها ، به شهرەفم کهڵهبابهکهم کاری خۆی کرد ! به ڵام له لایهکیشهوە پێم ناخۆش بوو ، دەمکوت به‌همه‌ن ئه و هێلکه‌یه‌ی بۆچی هه‌ڵگرتووە ،خۆ من ئه‌و مریشکه‌م دیتۆتهوە !
له دواییدا زانیمان ئه‌و مریشکه‌ش هی ماڵێکی کووچه‌که‌ی دیکه‌یه که هاتبوو بۆ کووچه‌ی ئێمه . کورەکهیان به به‌همه‌نی کوتبو ئه‌و مریشکه هه‌موو رۆژێ هێلکه‌یه‌ک دەکا !منیش زانیم که نا بابه گیان ، که‌ڵه‌بابی ئه‌من ئه‌هلی ئه‌و جۆرە قسانه نیه !
ماوەیه‌ک کهڵهبابهکهم له کارێژهکهمان راگرت ، شه‌وێک گوێم لێ‌بوو دەنگێک له کارێژهکهمان هات ! کاتێ چوم دیتم کهڵهبابهکهم عهلادینێکی عێراقیمان هه‌بوو ، له‌و سه‌رەوە بهریدابۆوە خوارێ و ته‌واوی نه‌فته‌کانی رشتبوو ! تماشای منی دەکرد، وای دەزانی لێی دەدەم ! ئه‌خر کهڵهبابهکهم هه‌مو جارێ دەچووە سه‌ر شته‌کانی کاڕێژ و له‌و سه‌رە دەخه‌وت! به‌یانیانیش به قوقلیقوقو مێشکی سه‌ری دەبردین ! زۆر جارانیش نیوە شه‌وێ دەنگی دەهات!بابم هه‌مو جارێ دەیکوت ئه‌و که ڵهبابه بێوەخته ، با سه‌ری ببڕینهوە !
ئاخریش به پێنجسهدتمهن پێم فرۆشتنهوە ، ئه‌گه‌رچی گۆشتی مریشکم ئه‌و هه‌موو پێخۆش بوو به‌ڵام دەمم له گۆشتی جوجو نه‌دا !
چوومه وەتاغێکهوە و تێری بۆ گریام !
*قەپان شوێنێکه له بۆکان مریشک و که‌ڵه‌شێر و کۆتر و که‌روێشک و بونه‌وەری سه‌ر ئه‌و عه‌رزه‌یان لێدەفرۆشت !
"ئابرا"
شێتێک بوو چه‌ند ساڵ پێش ئه‌م رووداوە نیوە شه‌وێکی زستان له سه‌رما رەق هه‌ڵات!
ته‌واوی خه‌ڵکی بۆکان و ئه‌وانه‌ی له تیمارستانی بۆکان بوون ، به ساغ و نهخۆشهوە ئابرایان ئه‌ناسی !
ماوەیه‌کی زۆر نه‌بوو هێنابوویانه ئه‌وێ ! ئه‌خر له کووچه و کۆڵانه‌کانی بۆکان وێڵ بوو ، زۆر جار مناڵهورکهی گهڕەگێکی تێدەهاڵا و وەبه‌ر به‌ردە فڕکه‌یان ئەدا ! کاتێک هێنایانه تیمارستان هیچ که هه‌موو سه‌ر و گوێلاکی بریندار ببو ، برینێکی زۆر گهورەش به قه‌درایی چوار قامک له سه‌ر پشتی بوو که قرماغهی به‌ستبوو ! که‌س نهیدەزانی خه‌ڵکی کوێیه یا خۆ له کوێوە هاتووه ، به‌ڵام وه‌ک له نێوەکهی ڕا دیار بو ، وێده‌چوو خەڵکی ناوچه‌ی ئه‌ردەڵان بێ ! لای سنه و دێگۆلان و ئه‌و دەوروبهرە !
ئابرا پیاوێکی کورته‌باڵای خڕیله بوو ،نێوچاوانی پان و سه‌ری پەڵه پەڵه و ئاسه‌واری برین به سه‌ر سهرییهوە دیار بوو ! سه‌ری گه‌ورەتر له سه‌ری مرۆڤێکی ئاسایی بوو ! دەستهکانیشی درێژتر ! کاتێک له سه‌ر پێ رادەوەستا دەستی تا سه‌رچۆکی دەگهییشت ! به‌ڵام لاقه‌کانی به شێوەیەکی سه‌رسورهێنه‌ر کورت بوون ! به چله‌ی هاوین و چله‌ی زستان کاپشێنێکی چڵکنی بۆری له به‌ردابوو له گه‌ڵ پاتۆڵێکی رەشی کۆنە و جووتێک که‌وشی جیر که خودا ئه‌زانێ چه‌ند وەخت بو نهشۆرابوون! دەنگۆی ئه‌وە هه‌بوو ئابرا شه‌وانه له قه‌برستان ئه‌خه‌وێ و له‌گه‌ڵ مردووەکان قسه دەکا و زۆربەکای کاته‌کانیش دوو سێ جندۆکەی له گەڵه ! ...
درێژەی بابه‌ت...
ئه‌مشه‌و نازانم چۆن بوو ، بیرم هاته‌وە منیش ده‌فته‌رێکم هه‌بوو بیرەوەرییهکانم تێدا دەنووسییهوە !زۆر له‌مێژ بوو لێی بێخهبهر بووم ،ته‌نانه‌ت نه‌مده‌زانی له کوێیه ! که‌لێن و قوژبنم هه‌مووی پشکنی و لە ئەنجامدا دیتمهوە!
پێشەکی دەفتهرەکهم ئاوا ده‌ست پێ دەکا :
"سپاس بۆ خوا که به کوردی دروست کردم"
راوەستن با له پێشه‌کیدا پێتان بڵێم چۆن بوو ئه‌و دەفتهرەم دانا ؟
راستییە که‌یتان ده‌وێ من زۆر له مێژ بوو له فکری ده‌فته‌رێكی ئاوا دا بووم هه‌تاکو ئه‌وشتانه‌ی که له ژیانی من دا تاکو ئه‌لان رووی داوە له مێشکم نه‌چنه دەرێ.
هه‌ر بەم بۆنه‌یه‌ش ئه‌م دەفتهرەم دانا.
1379/10/18
ئه‌م ده‌فته‌ره‌م هی ده ساڵ لهمهوبهرە ، یانی کاتێک که هه‌مووی سێزده چواردە ساڵم تەمەن بوو ،بۆیە بە زمانێکی زۆر سادە و مناڵانە نووسراوە، هەموو بیرەوەرییەکانیش تا 12ساڵین ، ئیتر له دوای ئه‌و وازم لێ هێنا و پێموا گه‌ییشتم به‌و باوەرەی نووسینی بیرەوەری شتێکی قۆرە!نازانم! به‌ڵام ئه‌م دهفتهرە ئەمشەو منی بردەوە سه‌ردەمی مناڵی و کووچەکەمان و گەڕەکەکەمان و رەفیقهکانم و .... زۆر شتی تر کە له بیرم کردبوون !
له‌مه‌و به دوا جار و بارە ئه‌گه‌ر نووسینم نه‌هات ، بەشێكی کورت لە ده‌فته‌ری بیرەوەرییهکانم لەم مستەراحهدا بڵاو دهکهمهوە !با له یادتان نه‌چێ ئێوەش سهردەمانێک مناڵ بوون، کهواتە مناڵتان خۆش بوێ !
بیرەوەری 1 :
له ناو کورەکانی رەفیقمدا که‌متریان بۆ شه‌ره قسه دهرەقهتم دەهاتن . منیش هه‌موو جارێ به قسه‌ی قۆڕ و شێعری جنێو رقم ههڵدهستاندن.
رۆژێک له گه‌ڵ یه‌کێک له ره‌فیقه‌کانم کردمه شهرە قسه . ئه‌و ره‌فیقه‌م نێوی - قادری ر - بوو، قادر سێ چوار ساڵ له من گه‌ورەتر بوو.
منیش ئه‌و رۆژه هه‌روا به قسه و شێعر و ئه‌و جۆرە شتانه رقم هه ڵستاند.
دوای دوو سێ رۆژ هێندێ له ره‌فیقه‌کانم هاتن کوتیان به‌دبه‌خت قادر شێعری به سه‌ر دا ههڵکوتوی !
منیش رقم هه‌ستا و چوومهوە ماڵێ و تا دەمتوانی شێعرم بۆ نووسی ، ئه‌ویش چ شێعرهایهک . ته‌واو ببوم به شێخ رزای تاڵەبانی.
ته‌واوی کورەکانی کووچەی ئێمه و کووچەی قادر و ئه‌وان هه‌موو له جێگایه‌ک خڕ دەبوونه‌وە و منیش شێعرەکانی که بۆ قادرم نووسیبوو به‌رامبه‌ریان بۆم دهخوێندنهوە.قادریش بۆخۆی له وێ رادەوەستا و سوور سوور ههڵدەگەڕا.
رۆژێکی چه‌ند شێعرێکم نووسیبو ده‌مهه‌ویست بیبه‌م بۆیان بخوێنمهوە، به‌ڵام ته‌نیا دوو سێ نه‌فه‌ر له ره‌فیقه‌کانم له‌وێ بون ، منیش دانیشتبووم بۆم دهخوێندنهوە له پڕ دا زانیم پیاوێکی پیر گوێی راگرتووە له شێعرەکانم. منیش هه‌ر دیتم تێم قولاند و هه‌ڵاتم . کوتی : ئه‌وە کوری کێیه ؟ ره‌فیقه‌کانم کوتیان ئه‌وە خه ڵکی گه‌ره‌کێکی دیکه‌یه !
کمۆدێکی سوورم هه‌بوو ، هه‌موو جارێ شێعرەکانم له‌وێ دەنا. رۆژێکی کاک جەماڵم چوبو کمۆدەکهم گهڕابو شێعرەکانی منی خوێندبۆوە. له سه‌ر سفرە دانیشتبوین کوتی ئه‌و شێعرانه چیه نوسیوتن؟
منیش ده‌ستم کرد به گریان و کوتم ده‌ی جا خه‌تای قادرە ، ئه‌ویش شێعری له بارەی منه‌وە نووسیوە!
ئیدی وابو کاکه جه‌ماڵم ته‌واوی شێعرەکانمی دڕاند و جگه له یه‌ک دوو دانه‌یه‌کیان نه‌بێ هیچیانم له بیر نه‌ماوە که ئه‌وانیش ناوێرم له‌م دەفتەرەدا بیاننووسم...
"شێعرەکانم که جگهرگۆشی منن..."
تێبینی: ئەمڕۆ ژمارەیەکی حه‌وته‌نامه‌ی سیروانم دیتهوە که هی ساڵی 83 بوو، کۆمەڵێک لە شیعرەکانی خۆم بینی ، هەر واق مام ! تەواو لە بیرم چووبۆوە نووسراوه‌ی له‌و جۆرەشم هه‌یه ! نالی گوتەنی :
شیعرەکانم کە جگەر گۆشی منن دەربهدەرن
دڵی نالی چ ره‌قه قه‌ت خه‌می فهرزەندی نیه !!
وابزانم ئەو کات بە نییەتی شیعر نووسیومن و هەر بە نییەتی شیعریش ناردومن بۆ سیروان ! ئه‌وانیش هه‌ر به‌و نییهتهوە لە چاپیان داوە ! ئێستاش هه‌ر به‌و نییهتهوە دایانده‌نێم ! دڵ شه‌رته، باقییه‌که‌ی تڕەهاتە!
1
"فێڵ"
ئەگەر رۆژێ
وێنەکەمت لە شوێنێ دی
لە باتی من ماچی بکه!
2
"....!!"
من دانیشتووی شارێکی شێتم
حه‌ز دەکه‌م داشقه‌ی توورم کۆکهمهوە و
دەست دەمه داشقه‌یه‌کی تر
پڕ به کۆڵانی ئه‌م شارە هه‌را که‌م :
ورکه شیعر، ورکە چیرۆک، ورکە نان !!
3
"ژوان"
کە ئێوارێ هاتێ دەرێ
وەرە بۆ ئه‌م ناونیشانه:
www.avin....com
4
" ! "
دره‌نگانه و
له گه‌ڵ ته‌نیایی له باوەش یه‌ک داین
نا... نا...!
بیر لە دێمۆکراسی ناکهینهوە!
5
"...؟"
ته‌نیا ئادەم و شه‌یتان و حه‌ووا بوون
که‌سی تر !
ئاده‌م مرد و ...
مانه‌وە شه‌یتان و حه‌ووا!
6
"...!!"
ئاخ خوایه...
بە درێژایی ئه‌م شه‌وگاره
ئهستێرەکان داییسێنی!
خۆزگه‌م به خۆت!
هیچ پووڵی برقت بۆ نایه !!
7
...
کە لە پاش ماچ
گڕووم گرت بۆ مەمکت
تازه‌م زانی چه‌ند منداڵم !!
8
"سانسۆر"
....من........
..........تۆم..........
...خۆش..........
.............ناوێ....!!
9
" . "
بنووسن:
- ژی.... یان ...
- سی..... یا ... سه‌ت
- حه ... قی..... قه‌ت
- ئازا...دی
- دێ....... م‌و...... کراسی
*
نوخته ، سەری خەت !!
تێبینی:ئەو شێعرانەی خوارەوە دەمەتەقەیەکی شێعرییە لە نێوان من و حەزرەتی کامیل دا ، کە سەرەتا لە وێبلاگی خەڵوەتخانە بەشی کامێنتەکان بڵاو بوونەوە ، بەڵام دوایە لە بەر کۆمەڵێ هۆکار "سەیید" خاوەنی خەڵوەتخانە بەشی کامێنتەکانی تەفر و توونا کرد.منیش بە دوو هۆ نەغد و پوخت لە مستەراحەکەمدا دەیاننوسمەوە :
یەکەم : هێند لەمێژ نیە مەلا بانگی بەیانی فەرمووه و من خەوم لێ زڕاوە و بە جارێ سەرم لێ ئەستوور بووە !
دووهەم : لەوانەیە ئەمڕۆ ئێوارێ بگەرێمەوە تاران ، هەڵبەت ئەگەر پووڵی گەرانەوەم دەست کەوێ، ئەی کوتم بەششەرە و هەزار ئیتتیفاق ! ئەوە هات و لەو رێگایە دا تیا چووم و نەگەڕامەوە ! با قسەی خۆش ون نەبێ ! ها؟!
"هەینی 14ی جۆزەردانی 1389کاتژمێر: 2:55"
دەس و پەنجەم لە بۆ نووسین خومارە
سەرم ئاڵۆزە رووحم کۆڵەوارە
چرا خامۆشە خێزان گشتی خەوتوون
دەکا چاوم بە مانیتۆر شەوارە
...
درێژەی بابه‌ت...
"قالۆنچه‌ی ناو مسته‌راحه‌که !"
تا پێش ئه‌م رووداوه هه‌موو شتێ به باشی ئه‌چووه به‌ره‌وه ! هه‌ڵبه‌ت ئێستاش زۆر خراپ نیه به‌ڵام ئه‌و کاتیش ناخۆش نه‌بوو !!
ماوه‌یه‌کی زۆر نه‌بوو له گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌م هاتبووینه نێو ئه‌م ماڵه‌وه و ژیانمان زۆر به خۆشی رائه‌بوارد، هه‌ر خۆم و خۆی بووین !! ئه‌خر زۆر له‌مێژ نه‌بوو ژیانی هاوبه‌شیمان پێک هێنا بوو !!
ماڵێکی بچکۆلانه‌ی 45میتری له نهۆمی سێهه‌می ئاپارتمانێک له به‌هاران _ گه‌ره‌کێکی سنه‌یه _.
ژیانمان زۆر به خۆشی له‌م ماڵه بچکۆلانه‌یه‌دا رائه‌بوارد ، تا ئه‌وه‌ی شه‌وێک که بۆ ده‌س به ئاو چوومه مسته‌راح ، چاوم پێی که‌وت ! قالۆنچه‌یه‌کی ره‌شی ناشیرین له سووچێکی مسته‌راحه‌که له ناو کو‌نێکدا خۆی حه‌شار دا بوو و سه‌یری ئه‌کردم !...
درێژەی بابه‌ت...
چیرۆکێک بۆ:
" ئه‌وانه‌ی وا ئه‌زانن دنیا فشه نیه !! "
تێبینی : نووسراوه‌ی خواره‌وه به‌شێکه له ده‌سنووسه‌کانی "ج.ن" . ناوبراو خوێندکاری کۆمه‌ڵناسی بوو له تاران ، له گه‌ڕه‌کی ده‌روازه‌ده‌وڵه‌ت وه‌تاغێکی بچکۆلانه‌ی به کرێ گرتبوو . ئێستا له تیمارستانی ورمێ به‌سته‌رییه !!
---------------------------
سێ ساڵیش ده‌بێ ژه‌مێک به ته‌واوی تێرم نه‌خواردووه ، هه‌میشه‌ی خوا برسیمه ! شه‌و و رۆژ قۆڕه‌ی زگم دێ !! سه‌ره‌تا زۆر خه‌جاله‌تیم ئه‌کێشا به‌ڵام ئێستا بۆم شتێکی ئاساییه ، ته‌نانه‌ت هاوکه‌لاسییه‌کانیشم ئێستا پێکه‌نینیان پێی نایه !!
*
عیشای خوا شک نابه‌م ! حه‌فته‌ی پێشوو له تاکسیدا کیفه‌که‌م لێ به‌جێ ما . سجیل و کارتی خوێندکاری و عابێر بانک و موبایل و ئه‌وه‌ی هه‌مبوو و نه‌مبوو له‌وێ دابوو !! ...
درێژەی بابه‌ت...
"نووسین باشتره له ..."
(1)
سه‌رتاسه‌ری حه‌فته‌ی پێشوو هه‌تا ئێستا حه‌زم کرد له ده‌رد و داخی حیزبایه‌تی چه‌په‌ڵی گه‌له چه‌وساوه‌که‌مان و خزمی خوێری و ئاشنای ئه‌حمه‌ق تێر تێر بڕشێمه‌وه...
(2)
حه‌فته‌ی پێشوو ئهودهمانه له تاران له ناو ئوتووبوسا بووم ، پیاوێکی به‌ته‌مه‌نیش سوار بوو ، ئه‌مجاره‌یان جێی خۆم به که‌س نه‌دا ، پیاوه‌که وا چاوی لێئه‌کردم ده‌تکوت پێی قه‌رزدارم، به‌ڵام من هه‌روا دانیشتم ، نازانم ! ره‌نگه ئه‌و پیاوه له به‌رچاوم زۆر گورج و گۆڵ هات ، له لایه‌کیشه‌وه هه‌ستم کرد خوی ئه‌و سهگبابانهم گرتووه ، هه‌ر چی بێ هه‌ڵنه‌ستام ...
(3)
دوێنێ نیوه‌ڕۆ براده‌رێک پاش نۆ مانگ زه‌نگی لێدا ، وتی هه‌رچی له نێوانمانا بووه له بیر خۆمم بردۆته‌وه ، ته‌نیا گه‌ره‌کمه شێعرێکت بۆ بخوێنمه‌وه که هاوینێ نووسیومه ، شێعره‌که‌ی خوێنده‌وه ، له میانه‌ی خوێندنه‌وه‌که‌ی ئه‌ودا له بڕێ شوێن بیرم لێئه‌کرده‌وه ئه‌گه‌ر پاش ئه‌وه‌ی شێعره‌که‌ی ته‌واو کرد و قسه‌ی درێژه دا چی پێ‌بڵێم ، ئه‌و شوێنانه‌ش که گوێم ئه‌دا شێعره‌که‌ی وا هه‌ستم کرد زۆر شێعری چاکه ، وا بزانم بۆ منی نووسیبوو !!!
شێعره‌که‌ی ته‌واو کرد
- خوا حافیز
- خواحافیز
(4)
دوێنێ شه‌و له گه‌ڵ دوو ره‌فیقم چاوم به دیمه‌نێک که‌وت و له ئه‌په‌ڕی تووره‌یی به گاڵته وتم : ...ێرم به‌و ژیانه !
له به‌رده‌م غهزاخۆرییهکی گه‌وره مناڵێک فالی حافزی ئه‌فرۆشت ، به لایا تێپه‌ڕین ، گه‌ڕامه‌وه و وتم :
- دونهی چه‌نده؟
- 100 تومان
سێسهدتمهنم دایه و فالێکم هه‌ڵگرت ، ئه‌مه ش ده‌قی فاڵه‌که :
رو بر ره‌ش نهادم و بر من گذر نکرد
صد لطف چشم داشتم و یک نظر نکرد
سیل سرشک ما ز دلش کین به در نبرد
در سنگ خاره قطره باران اثر نکرد
از روزگار بسیار عصبانی هستی، زیرا هرچه تلاش می‌کنی به جایی نمیرسی ،لذا احساس عجز و ناتوانی به تو دست داده است،ولی آخر دنیا که به پایان نرسیده است و خوشبختی انسان مگر در یک چیز خلاصه شده است، به دنبال هنر ، دانش و دوستان تازه باش تا پیشاپیش خودت را کشف کنی
با خدا باش!!!
(5)
ئه‌م هه‌موو شێر و رێوی هێنانه‌وه‌یه ته‌نیا له به‌ر یه‌ک قسه بوو:
نووسین ، باشتره له قه‌بز بوون !! جا حه‌ز ده‌کا فاڵێکی حافز بێ ، رووداوێکی قۆڕی ناو ئوتوبوس بێ ، بیره‌وه‌رییه‌کی قۆڕتری رابردوو بێ، هه‌رچی بێ نووسین باشتره له قه‌بز بوون !!
شۆهره له هه‌ولێر کۆنسێرتێک ساز ده‌کات
رێنێسانس نیوز: گۆرانیبێژی ناسراوی فارس شۆهره سه‌لوه‌تی به‌نیازه له‌شاری هه‌ولێر كۆنسێرتێك ئه‌نجام بدات و له‌ئێستاوه ریكلام بۆ به‌ڕێوه‌چونی كۆنسێرته‌كه ده‌كرێت.
شۆهره له‌سه‌ر بانگهێشت و خه‌رجی كۆمپانیای كۆڕه‌ك كۆنسێرته‌كه به‌ڕێوه ده‌بات.
سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌تایبه‌ت به‌رێنێسانس نیوزی راگه‌یاند كه‌بانگهێشتكردنی شۆهره بۆ ئه‌وه‌یه كه له‌ناو كورده‌كاندا ناسراوه و هه‌واداری زۆره. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی وت كه هه‌ولێر به‌نیازه روی هونه‌رمه‌ندانی فارس له"دوبه‌ی"یه‌وه بۆ هه‌ولێر وه‌رسوڕێنێ و به‌م كاره‌ش په‌ره به‌گه‌شتیاری شاره‌كه بدات.
"شۆهرهش گه‌ییشته هه‌ولێر"
له تاران
بێزی نه‌هات ده‌م بنێ به په‌رداخی کوردێکه‌وه
له ئه‌نکارا
له خۆپێشاندانێکی جه‌ماوه‌ریدا
پاڵ به پاڵی گورگه‌کانی ئه‌تاتورک
ئهرۆییشت و
حاشای له هه‌بوونی کورد ئه‌کرد
له به‌غدا
پلانی ته‌قینه‌وه‌یه‌کی تری بۆ کورد ئه‌گێرا
له ده‌مشق
ناسنامه‌ی کوردێکی له‌ت و کوت کرد
ئێستا شۆهره
له هه‌ولێر ، له "شه‌قامی تاران" پیاسه ئه‌کا و
به گه‌مژه‌یی ئه‌م خه‌ڵکانه پێئه‌که‌نێ !
سه‌یری سه‌ر و ریشی چڵکن و
له شی ئه‌نجن ئه‌نجنی په‌یکه‌ره‌ی شه‌هیده‌کانی قه‌راخ شه‌قام ئه‌کا و
قا قا پێئه‌که‌نێ!
شۆهره ئێستا له هه‌ولێر
هه‌ر شهوهله باوه‌شی وهزیرێکا
ستیانه سووره‌که‌ی جێده‌هێڵێت
له ساته دووزهخیهکانی ئۆرگاسمیشدا،به نینۆک،
له سه‌ر شان و پشتی وه‌زیره سه‌رخۆشه‌کان !
تابڵۆیه‌کی غه‌مگینی که‌لاوه‌کانی بابان و
وێنه‌یه‌کی ته‌ڵخی عومه‌ری خاوه‌ر ئه‌گێرێت و
قاقا پێ ئه‌که‌نێ
قا قا...
ئێسته شۆهره له هه‌ولێر
له شه‌قامی قه‌ره‌باڵغی شار
له گه‌ڵ خه‌ونه سهربراوهکانی که‌رکووک و
ته‌نیاییه‌کانی هه‌ڵه‌بجه وێنه ئه‌گرێ و
بۆ کوره سارد و سڕه‌کانی ئه‌وێ
ده‌م پان ئه‌کاته‌وه و
قاقا پێئه‌که‌نێ...
* داوای لێبوردن له قوباد جه‌لیزاده ئه‌که‌م !
شێعری حه‌بیبه‌ش گه‌ییشته سوێد به‌رهه‌می قوباد جه‌لیزاده لێره بخوێنه‌وه
"حه‌کایه‌تی مستهڕاحهکهم"
ده‌گێرنه‌وه سوڵتان مه‌حموود و هه‌یاسی خاس...
نا حه‌کایه‌ته‌که ئاوا ده‌ست پێده‌کا:
ئه‌مه قسه‌ی ئێستا نیه ، قسه‌ی چه‌ند مانگێک له‌مه‌وبه‌ره ، بێپووڵی و بێتاقه‌تی و له هه‌مووی خراپتر قه‌تحی موبایله‌که‌م تێکرا هروژمیان بۆ هێنابووم و نه‌مئه‌زانی په‌نا بۆ کێ و بۆ کوێ به‌رم ، به‌ڵێ هاتمه دنیا سه‌یر و سه‌مه‌ره‌که‌ی ئه‌نته‌رنێت و له گۆشه‌یه‌کی ئه‌م جیهانه پان و به‌رینه‌دا مستهراحێکی بچکۆلانه‌م بۆ خۆم چێ کرد ، مستهراحێک که به ته‌نها هه‌ر هی خۆمه و به که‌یفی خۆم تێی دهفیرێنم...
مسته‌راح شوێنی حه‌سانه‌وه‌ی مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه ، چه‌ند ده‌قه‌یه‌ک ده‌رباز بوونه له ده‌ست ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌کانی کۆمه‌ڵگا و مرۆڤه خاسه‌کانی !!
جا که‌سی کاکی ، تۆش که سه‌ردانم ئه‌که‌ی به‌خێر بێی سه‌ر سه‌ر و سه‌رچاوان !! ره‌نگه ئێره به لاته‌وه سه‌یر بێ و له دڵی خۆتدا بڵێی : تهککوو چه‌نده نائینسانه !! به‌ڵام نا کاکه!! خراپی لێ حاڵی ! ئێره له گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و مستهراحانهی جه‌نابت گووت لێکردووه جیاوازه ، ئێره له‌وانه‌یه جار و بار هێنده به لاته‌وه شیرن بێ هه‌ر پێت خۆش نه‌بێ بڕۆی ، جاری واشه له به بۆگه‌ن خۆت ناگری !!
...
کاکه به پێیه‌وه نابێ ، ههڵتروشکێ با قسه‌ت بۆ بکه‌م... !!